پەیامی فیدراسیۆن
خوێندنی زمانی کوردی لە تەواوی دونیادا بووە بە پێویستییەکی گرنگی کوردانی تاراوگە. لە زۆربەی وڵات و هەرێم و شارەکانی دونیا کە کوردیان تێیاندا نیشتەجێیە زمانی کوردی لە قوتابخانە حکومییەکان یان تایبەتییەکاندا دەخوێندرێت، بە هەزاران مامۆستا بە هەردوو شێوە زاری (کوردیی سەروو و کوردیی ناوەندی) و بە هەردوو ئەلفبێی (ئارامی و لاتینی) خەریکی وتنەوەی زمانی کوردین بۆ دەیان هەزار فێرخوازی کوردزمانی هەر چوار پارچەی کوردستان کە ئاوارەی وڵاتانی دونیا بوون، بەتایبەت وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام بە شێوازی پەرتەوازەیی. ئێمە لە سۆنگەی خەمخۆریمان بۆ زمانی کوردی و بۆ یەکخستنی توانای هەزاران مامۆستای زمانی کوردی لە تەواوی دونیادا کە لە دەرەوەی چوارچێوەی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی خوێندنی زمانی کوردین، بڕیاری دامەزراندنی (فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی)مان دا، تاکوو لەژێر یەک چەتری یەکگرتووی ئەکادیمیی زمانەوانی و پەروەردەیی کۆ ببینەوە. لەم سۆنگەیەوە کۆمەڵێک مامۆستای بەتوانا و دیاری ئەم مەیدانە لە زۆربەی وڵاتە جیاجیاکانی دونیادا، لە هەستکردنمان بەم پەرتەوازەیییە و پێویستیی یەکگرتنمان لەپێناو زمانەکەماندا، پێکڕا پڕۆژە و میتۆد و بەرنامەی کاری ئەم فیدراسیۆنەمان داڕشت. بەخۆشحاڵی و فەخرەوە بانگهێشتی هەموو مامۆستایانی زمانی کوردی و خەمخۆرانی زمان دەکەین بۆ ئەندامبوون لەم فیدراسیۆنەدا، تا بەیەکەوە خزمەتی زمانی کوردی بکەین.