I K L F
Image default

زمانی کوردی ناسنامەی منە

فەهمی کاکەیی

دروشمێک کە باوە و لەسەر زارە، ئەوەیە کە دەڵێت: (زمانی من ناسنامەی منە). ئەم دروشمە بۆ هەر زمان و هەر فەرهەنگ و نەتەوەیەک دروستە، هەر بۆیە بۆ ئێمەی کورد دروستە کە بێژین: (زمانی کوردی ناسنامەی منە). پاشتر دێینەوە سەر باسی ئەوەی بۆچی گرنگە لەم دروشمەدا جەخت لەسەر زمانی کوردی بکەین.

زمان و ئەرکەکانی
مەبەست لە زمان لێرەدا زمانی ئاخاوتنە، کە پاشتر دەبێتە زمانی خوێندن و نووسین. مەبەست زمانی جەستە یان ئاماژە یان زمانی نابینایان نییە. هەموو ئەم زمانانە ئامرازگەلێکن بۆ دەربڕین، گەیاندن، تێگەیاندن و لێکتێگەیشتن. لێ زمانی ئاخاوتن جۆرە تایبەتمەندییەکی دیکەی هەیە، ئەویش کە هەڵگر و گەیێنەری فەرهەنگ(کولتوور)ە. ئەوجا هەر زمانێک بووە، هەڵگری هەر فەرهەنگێک یان هیی هەر نەتەوەیەک بووە، با بێت.
زمان وەک ئامرازێک ئاسانکاریی گەیاندن دەکات. ئەوەی سەختە بە زمانی جەستە و بە زمانی ئاماژە دەریبڕین، بە زمانی ئاخاوتن ئاسانتر دەبێت. بە هۆی زمانی ئاخاوتنە هزر، بیروبۆچوونی خۆمان بە بەرانبەرەکەمان دەگەیەنین، تێمان دەگات و تێی دەگەین. لەم لایەنەوە زمان چەندین ئەرکی هەیە، لەوانە: فەرهەنگی، زانستی، کۆمەڵایەتی، هەستیاری و هتد…
بۆچی دەبێت جەخت لەسەر زمانی کوردی بکەین وەک ناسنامەیەک بۆ تاکی کورد؟ ئێمە دەزانین هەر کوردێکی خوێندەوار جگە لە زمانی خۆی کە کوردییە، زمانێک یان چەند زمانێکی سەردەست دەزانێت. لەو ڕووەوە (وەک پێشتر باسمان کرد) کە زمان هەڵگر و گەیێنەری فەرهەنگە، فەرهەنگیش ناسنامەمان پێ دەبەخشێت، دەتوانین بڵێین زۆر گرنگە ئێمە جەخت لەسەر زمانی دایک بکەین. ئەگەر وا نەکەین دوور نییە زمانی سەردەست فەرهەنگی خۆی بەسەرماندا زاڵ بکات و بیکات بە فەرهەنگی سەرەکیمان، ئەمە لە کاتێکدا بوونی فەرهەنگی کوردی بە فەرهەنگی سەرەکیمان دەبێت خەمی هەموومان بێت. هەوڵی هەموومان دەبێت بۆ ئەوە بێت کە زمانی کوردی باڵادەست بێت و زمانەکای تر (کە زۆر چاکە بیانزانین) بە پلەی دووەم بێن.

فرە زمانی و فرەفەرهەنگی
ئەمڕۆکە لە وڵاتانی پێشکەوتوودا باسی فرەفەرهەنگی دەکرێت وەک دیوێکی درەوەشاوەی شارساتانی و دەوڵەمەندیی فەرهەنگ، بەڵام فرەفەرهەنگی بێ فرەزمانی نایەتە کایەوە. ڕەنگە بێ ویست و حەزی خۆشمان بووبێت، بەڵام بمانەوێت یان نەمانەوێت کورد نەتەوەیەکی فرەفەرهەنگە بە حوکمی ئەوەی فرەزمانە. ئێمە جگە لە فەرهەنگی خۆمان لە فەرهەنگەکانی عەرەب، فارس و تورکەوە بەهرەدارین. دەکرێت وا لێک بدرێتەوە کە ئەم بەهرەداربوونە لایەنی ئەرێنی و نەرێنیی خۆی هەبێت. ئەرێنی لەوەدایە کە بەهرەداربوونمان لەو فەرهەنگانە وەک دەوڵەمەندییەک وەربگرێن و بیخەینە ژێر ڕکێف و کاریگەریی فەرهەنگە سەرەکییەکەمان کە فەرهەنگی کوردییە. نەرێنیی لەوەدایە ئەگەر بهێڵین فەرهەنگەکانی دی دەسەڵاتیان بەسەر فەرهەنگەکەماندا بشکێت و پێشێلی بکەن و جێی بگرنەوە، ئەو کاتە بە شێوەیەکی خراپ کاردانەوەی لەسەر ناسنامە کوردییەکەمان دەبێت و ناسنامەیەکی دیمان پێ دەبەخشێت کە فەرهەنگی زمانە سەردەستەکە بۆمانی دەگوێزێتەوە. لێرەدا زمانە سەردەستەکە وەک زمانی دەسەڵات و بگرە داگیرکەر خۆی بەسەرماندا دەسەپێنێت.

زمانی دایک
زمان ئەنباری فەرهەنگ، مێژوو، جوگرافیا، ئایین، سیاسەت و شارستانییە. ئەم چەمکانە و زمان خۆیشی، لەگەڵ منداڵدا لەدایک نابن. منداڵ بە ئازادی لەدایک دەبێت. ئەوە خێزان، کۆمەڵگە و ژینگەن کە ئەو وابەستەگییانە بۆ منداڵ دروست دەکەن. منداڵێکی تازە لەدایکبووی کورد بدەیتە خێزانێکی ئینگلیز و لە بریتانیا مەزن بێت، هەرگیز نابێتە خاوەن فەرهەنگێکی کوردی و چ جاران ناسنامەیەکی کوردیی نابێت. بۆیە لەم لایەنەوە زمانی دایک گرنگییەکی تایبەتیی هەیە.
زمان بنکە و کۆڵەکەی دامەزراندنی کەسایەتیی مرۆڤە، لەم حاڵەتەدا بۆ ئێمەی کورد زمانی کوردی و کەسایەتییەکی کوردییە. کە دەڵێین کەسایەتییەکی کوردی هەڵبەتە مەبەستمان ئەوەیە کەسایەتییەک بە ناسنامەیەکی کوردییەوە. ئەمە هیچ پەیوەندیی بە بیری توندی نەتەوەپەرستییەوە نییە. لە هەموو شوێنانی دونیادا هەر میللەتێک شانازی بە زمانی خۆیەوە دەکات. ئاخر گرنگیی زمان لەوەدایە دوژمنانمان بە هەر شێوەیەک بووە دەیانەوێت زمانەکەمان لاواز بکەن، قەدەغەی بکەن و لەناوی ببەن. ئەوان دەزانن لەناوبردنی میللەتێک لە ڕێی سەرکوتکردنی زمانەکەیەوە دەبێت، لە دواییشدا نەهێشتنی فەرهەنگەکەی و ناچارکردنی ئەو میللەتە بە قسەکردن بە زمانی سەردەست و پۆشینی فەرهەنگی باڵادەست.
هیچ زمانێک نییە لە دونیادا هەڵگری فەرهەنگێک نەبێت و ناسنامەیەک بە قسەکەرەکەی نەبەخشێت، هەر بۆیە هیچ فەرهەنگێکیش بێ زمان بوونی نییە، واتە هەردووکیان تەواوکەری یەکترن، کار و کاردانەوەیان لەسەر یەکتر هەیە. ئێمە ئەمەی لێرەدا باسی دەکەین و تایبەتە بە کوردەوە ناسنامەی نەتەوەییە. ئەگەر دەتەوێت نەتەوەیەک لە ناو ببەیت، زمانەکەی لەناو بدە، ئەو کاتە فەرهەنگەکەیت لە ناو بردووە و ئیدی نەتەوەیش لەناو دەچێت، چونکە تاکەکانی ئەو نەتەوەیە ناسنامەکەیان لێ وەردەگیریت و ناسنەمەیەکی دییان بەسەردا دەسەپێنرێت. دەکرێت بگوترێت زمان و فەرهەنگ دوو دیوی دراوێکن و خودی دراوەکە ناسنەمەی تاکێکی سەر بە نەتەوەیەکە. لەم لایەنەوە ئاساییشی زمان لەگەڵ ئاساییشی نەتەوە گرێدراوی یەکترن.
هەموومان دەزانین وڵاتە زلهێزە داگیرکەرەکان زمانی خۆیان بە زۆری زۆرداری سەپاندە سەر میللەتانی خاکداگیرکراودا. ئەوان گرنگیی زمانیان دەزانی و بەوە نەدەوەستان خاکی میللەتان بۆ مەبەستی ئابووری و بازرگانی داگیر بکەن، بگرە داگیرکردنەکە لایەنی فەرهەگییشی هەبوو، جا بۆ ئەم مەبەستە دەبوو زمانی خۆشیان بەسەریاندا بسەپێنن. وڵاتانی ئێران و تورکیا و سوریا و عێراق(کاتی خۆی) هەمان سیاسەتیان پەیڕەو کردووە، ئەویش ڕێنەدان بە خوێندنی زمانی دایک لە قوتابخانەکاندا بە مەبەستی ڕێگری لە گەشەسەندنی زمانەکە و پووچکردنی و لە داهاتوودا مراندنی. هەرچی تورکیایە بەمەشەوە نەوەستابوو، بگرە زمانی کوردیی بە جارێ قەدەغە کردبوو، تەنانەت بۆ ئاخاوتنیش. ئەوەی زمانی کوردیی لە باکووردا لەسەر پێ ڕاگرتووە، هەستی نەتەوەیی و جەختکردنە لەسەر زیندووڕاگرتنی فەرهەنگی کوردی.

ئایا کورد خاوەنی ناسنامەیەکی تایبەت بە خۆیەتی؟
بەڵی بێگومان تا ڕادەیەکی زۆر تاکی کورد خاوەنی ناسنامەیەکی تایبەتە بە خۆی، بۆ دەڵێن تا ڕادەیەکی زۆر؟ چونکە جوگرافیای کوردستان وا کەوتووە وەک هەموومان دەیزانین. ئەو کوردانەی پەرتەوازەی دەرەوەی کوردستان بوون زۆربەی جار دەکەونە ژێر کاریگەریی زمان و فەرهەنگی سەردەستی ئەو جێگایانەی تێیدا دەژین، کە زمان و فەرهەنگی عەرەبی و فارسی و تورکییە. کەواتە ناتوانین بڵێین ئەو کوردانە ناسنامەیەکی پاقژی کوردییان هەیە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە هەستی نەتەوەییان لاواز بێت یان بە جارێک نەبێت. تۆ دەبینیت گەنجی کورد هەیە نازانێت یەک ڕستە بە کوردی بڵێت، بەڵام ئامادەیە بۆ کوردستان خۆی بە کوشت بدات، لەبەر ئەوەی خاوەنی هەستێکی کوردانەیە، بەڵام هەیە لە ناوجەرگەی کوردستاندا دەژیت کەچی هیچ شانازییەکی بە ناسنامە و کوردبوونی خۆیەوە نییە. ئەمڕۆکە هەندێک لە حیزبە کوردییەکان لە ڕقی یەکتر و لە مونافەسەیەکی ناشەریفانەدا وایان کردووە بڕێکی زۆر لە گەنجانی کورد بێزیان لە کوردبوونی خۆیان ببێتەوە و لە هەوڵی ئەوەدان ناسنامەی خۆیان لەکەدار بکەن یان بشێوێنن. هیچ حەز و وابەستەگییەکیان بۆ کوردستان نییە. لە زووترین هەلدا کە بۆیان بڕەخسێت کوردستان جێ دەهێڵن و بە تەمای ئەوە نین جارێکی تر بەسەردانیش بۆ کوردستان بێنەوە. ئیدی چۆن دەتوانین بڵیین ئەم جۆرە گەنجانە ناسنامەیەکی کوردییان هەیە، چونکە ناسنامە پەیوەستە بە خۆشەویستیی نیشتمانیشەوە، لە ڕاستیدا ئەمانە دووچاری سەرلێشێوان کراون.

 

Related posts

ماڵپەڕی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی زمانی كوردی دەست بە وەشان دەكات #8

hakar.herki

ماڵپەڕی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی زمانی كوردی دەست بە وەشان دەكات #11

hakar.herki

ماڵپەڕی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی زمانی كوردی دەست بە وەشان دەكات #3

hakar.herki